سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە: هەر زێدەڕۆییەک هەبێت دەیڕووخێنین

ئاساو December 6, 2025
0
سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە: هەر زێدەڕۆییەک هەبێت دەیڕووخێنین

سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر موڵکی گشتی و دەڵێت، هەر کەسێک بە زێدەڕۆیی خانوو دروست بکات، لێی قبووڵ ناکەن و “دەیڕووخێنین.”

ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ناحیەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی پەیوەندییان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ەوە کردووە و باس لەوە دەکەن، شەقامێکی 30 مەتری لە ناحیەکەیان هەیە، بەڵام هاونیشتمانییەک کە باخەکەی لەسەر ئەو شەقامەیە، زێدەڕۆیی کردووە و بەهۆی دروستکردنی شۆستە و “کربستۆن”ـەوە شەقامەکەی بەرتەسک کردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەوانیی تاسڵوجە ئاگاداری خاوەن باخەکەیان کردووەتەوە و چەند رۆژێک مۆڵەتیان پێداوە، ئەگەر تاوەکو ئەو وادەیە چارەسەری نەکات، شارەوانی زێدەڕۆییەکەی لادەبات.

لەوبارەیەوە هاوکار زاهیر، سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: “ئەو شەقامە هێشتا نەکراوەتە دووساید و ئێستا کەمتر لە 7 مەتری قیر کراوە، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەین، هەر زیدەڕۆییەک هەبێت رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر دەگرینەبەر.”

سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە جەختی لەوە کردەوە کە لە شارەوانی بەشی زێدەڕۆییان هەیە و هەر کەسێک بچووکترین زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی، بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. هاوکار زاهیر گوتی: “زێدەڕۆیی لە کەس قبووڵ ناکەین و هیچ زێدەڕۆییەک لە شۆفڵەکانمان پارێزراو نابێت.”

لەبارەی رێکاری سکاڵاکردنیش، هاوکار زاهیر گوتی، هاونیشتمانییان هەر گلەییەکیان هەبێت لەسەر زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی، دەتوانن راستەوخۆ ئاگاداریان بکەنەوە، یان دەتوانن لە دادگە سکاڵا لەسەر زێدەڕۆیی تۆمار بکەن.

بابەتەکە هاوبەش بکە:
دەربارەی نوسەر: ئاساو

نوسەر لە ماڵپەڕی هەواڵ.

بینینی هەموو بابەتەکان ←

بۆچوونێک بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. بەشە پێویستەکان بە * دیاری کراون.