وەزارەتی کۆچ: کەمتر لە 5 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل ماون

asaw network December 13, 2025
0
وەزارەتی کۆچ: کەمتر لە 5 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل ماون

کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕاگەیاند، هەرچەندە ئامارەکانی هەسەدە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژمارەی عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل جیاوازە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی ئەوان، ئێستا کەمتر لە 5 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا ماونەتەوە.

بریکاری وەزارەتی کۆچ جەختی لەوەش کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشێکی بەهێزیانە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

کەمپی هۆل کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 

وەزارەتی كۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتووە تاوەکو ساڵی 2027 هیچ خێزانێکی عێراقی لەو کەمپە نەمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە.

رۆژی سێشەممە، 2-12-2025، محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق پێشکێشکرد. لەبارەی کەمپی هۆل گوتی، تاوەکو ئێستا 20 هەزار 800 کەس گەڕێندراونەتەوە.

 دواین کاروانیان رۆژی 1-12-2025 بوو کە 240 خێزان و زیاتر لە 850 کەس بوون.  ئەو خێزانانە لەدوای گەیشتنەوەیان برانە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان. 

 محەممەد حەسان جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکان بە مەبەستی تێکەڵکردنەوەیەکی “شکۆمەندانە و بەردەوامی” کردەوە، لەوانەش دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و “پاڵپشتی کۆمەڵگە”؛ ئاماژەی بە پلانی حکومەتیش کرد بە مەبەستی گەڕانەوەی هەموو هاووڵاتییەکانی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 

بابەتەکە هاوبەش بکە:
دەربارەی نوسەر: asaw network

نوسەر لە ماڵپەڕی هەواڵ.

بینینی هەموو بابەتەکان ←

بۆچوونێک بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. بەشە پێویستەکان بە * دیاری کراون.