“جەنگی هورمز” گەورەترین هەڕەشە لە دوای کۆرۆناوە

asaw network March 22, 2026
0
 “جەنگی هورمز” گەورەترین هەڕەشە لە دوای کۆرۆناوە

کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران چیتر تەنها لەسەر بازاڕەکانی وزە کورت نابنەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ پەکخستنی دەمارە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی (زنجیرەکانی دابینکردن). ئەوەی ئەمڕۆ لە گەروی هورمز ڕودەدات، تەنها ململانێیەکی هەرێمی نییە، بەڵکو بەپێی وتەی پسپۆڕان و شرۆڤەکاران، مەترسیدارترین و بەردەوامترین هەڕەشەیە بۆ سەر جوڵەی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە دوای قەیرانی کۆرۆناوە. لە کاتێکدا نرخی نەوت ڕو لە بەرزبونەوەیە، قەیرانێکی تر  سەرهەڵدەدات کە هەڕەشەی گرانبونی هەمو شتێک دەکات.

داتاکانى دامەزراوەکانی «دروری» (Drewry) و «ئێم دی ئێس ترانسمۆدال» ئاماژە بە دۆخێكی تەمومژاوی دەکەن؛ بەجۆرێک پێوەرە جیهانییەکانی نرخی گواستنەوەی کانتێنەر تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا بە ڕێژەی 8% زیادیکردوە، کە کۆی گشتی زیادبونەکە لە سەرەتای هەڵگیرسانی ململانێکانەوە دەگاتە 12%.

لە چین، پێوەری «شەنگهای» بۆ گواستنەوە بازدانی مێژویی تۆمار کردوە؛ تێچوی هێڵی نێوان شەنگهای و بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی زیاتر لە 70% بەرزبوەتەوە، لە کاتێکدا تێچوی گواستنەوە بۆ بەندەرەکانی سانتۆس لە بەڕازیل بە ڕێژەی 60% زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی ئاراستەی کەشتییەکان بۆ هێڵە فریاگوزارییەکانی ئەوروپا.

بابەتەکە تەنها لەسەر کرێی کانتێنەرەکان نەوەستاوە، بەڵکو «سووتەمەنی کەشتییەکان»یشی گرتووەتەوە کە 40%ی تێچوی کارپێکردن پێکدەهێنێت؛ نرخەکەی لە بەندەری ڕۆتەردام لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە 724 دۆلار بۆ هەر مەتر سێجایەک، بۆ 1072 دۆلار بەرزبوه‌تەوە، کە زیادبوونێکی نزیکەی 50%یە.

جوگرافیای مەترسی

نەخشەی هەڕەشە مەیدانییەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو فراوان بوە؛ دوای ئەوەی سەرنجەکان تەنها لەسەر گەرووی هورمز بوون کە ئێستا نزیکەی 400 تانکەری نەوت و 130 کەشتیی کانتێنەرهەڵگری تێدا گیراوە، بەندەری سەڵاڵە لە سوڵتاننشینی عومان —کە پێشتر وەک پەناگەیەکی ئارام تەماشا دەکرا، ڕوبەڕوی هێرش بوەوە و کۆگاکانی سوتەمەنی کرانە ئامانج، ئەمەش بوە هۆی لەرزۆکبونی متمانە لە کەرتی دەریاوانیدا.

هاوکات لەگەڵ لێدوانی بەرپرسانی ئێران بۆ بەستراوەیی هێشتنەوەی گەروەکە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەئامانجگرتن یان زیانگەیشتن بە لانی کەم 19 کەشتیی بازرگانی لە کەنداو دەکەن لە سەرەتای ململانێکانەوە، کە یەکێکیان کەشتییەکی کۆمپانیای «هەپاگ لۆید» بوە و لە نزیک بەندەری جەبەل عەلی توشی ئاگرکەوتنەوەیەکی کەم بوە.

سوڕانەوە بە دەوری ئەفریقادا

مەترسییە ئەمنییەکان زەبەلاحەکانی بواری گواستنەوەی وەک «مێرسک» و «هەپاگ لۆید»یان ناچار کردووە گەشتەکانیان لە ڕێگەی نۆکەندی سوێس و دەریای سوورەوە ڕابگرن و پەنا بۆ ڕێگا درێژەکە بەرن کە سوڕانەوەیە بە دەوری کێوی ئومێدی بەخش (رأس الرجا‌و الصالح) لە باشووری ئەفریقا. ئەم ڕێڕەوە ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ بۆ هەر گەشتێک زیاد دەکات، ئەمەش بە واتای بەفیڕۆچوونی زیاتری سووتەمەنی و پێویستی کۆمپانیاکان بە زیادکردنی دوو بۆ سێ کەشتی بۆ هەر هێڵێکی دەریایی دێت تا بتوانن پارێزگاری لە خێرایی گەشتە هەفتانەییەکان بکەن، ئەمەش پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر کەشتیگەلە بەردەستەکانی جیهان.

لە پەینەوە بۆ پارچە ئەلیکترۆنیەکان:

ئاسایشی خۆراک: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 40%ی هەناردەی پەینی “یۆریا” لەسەر ئاستی جیهان دابین دەکات. هەر پەککەوتنێک لەم دەمارەدا، بە واتای بەرزبونەوەی تێچوی کشتوکاڵ لە جیهاندا و لە ئەنجامدا بازدانی نرخی خۆراک دێت.

تەکنەلۆژیای پێشکەوتو: مەترسییەکی توند سەبارەت بە دابینکردنی گازی “هیلیۆم” سەرهەڵداوە کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان و پارچە ئەلیکترۆنیەکان، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی خاوبونەوەی خێرایی شۆڕشی تەکنەلۆژیای ئێستا.

کاڵا بەکاربەرەکان: لە کەلوپەلی ناوماڵەوە تا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، دابینکەران دەستیان کردوە بە سەپاندنی “ڕەسمی باری لەناکاو” بۆ داپۆشینی تێچووی دڵنیایی (تأمین) و سوتەمەنی، کە بێگومان ئەم تێچوانە ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە بۆ سەر پسوڵەی کڕینی بەکارهێنەری کۆتایی.

هەزاران دەریاوان چارەنوسیان نادیارە

لە پشت ژمارە و هێڵکارییەکانەوە، کارەساتێکی مرۆیی بۆ هەزاران دەریاوانی گیرخواردو لەسەر پشتی کەشتییەکان دەردەکەوێت. بەپێی وتەی کۆمپانیای «هەپاگ لۆید»، دەریاوانەکان ڕوبەڕوی دۆخێکی تەواو ناڕونن، چونکە بەهۆی داخرانی ڕێڕەو و بەندەرەکانەوە ئەنجامدانی پرۆسەی «گۆڕینی ستافەکان» مەحاڵە، ئەمەش دەیانخاتە ژێر فشارێکی دەرونی و پیشەیی گەورە لە ژینگەیەکی کارکردنی پڕ لە مەترسیی سەربازیدا.

ئانتۆنێلا تیۆدۆرۆ، شرۆڤەکار و ئابوریناس لە دامەزراوەی ڕاوێژکاریی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجستییە جیهانییەکانی «ئێم دی ئێس ترانسمۆدال»، دیمەنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی «مارکێت واتچ» کورت دەکاتەوە و دەڵێت: «بازرگانی وەک ئاو وایە، هەمیشە ڕێگەیەک بۆ تێپەڕبوون دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەو ڕێگەیە زۆر گران لەسەرمان دەوەستێت».

پاشخانی راپۆرت؛

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێیناوەته‌ هەفتەی سێیەمی خۆی و لانیکەم دو هەزار کەس کوژران و تائێستا واده‌ی کۆتاییهاتنی شه‌ڕ نادیاره‌، به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌كه‌، ئێران گەروی هورمزی داخستوه‌ و ته‌نها ڕێگه‌ به‌و گه‌شتیانه‌ ده‌دات تێبپه‌ڕن كه‌ خۆی مۆڵه‌تیان پێده‌دات، لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا داواکاریی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ یارمەتی لە کردنەوەی ئه‌و رێڕەوه‌ ئاوییه‌ ڕەتدەکەنەوە، ئەوەش بوه‌ته‌ هۆی بەرزبونەوەی نرخی وزە و ترس لە هەڵاوسان.

بابەتەکە هاوبەش بکە:
دەربارەی نوسەر: asaw network

نوسەر لە ماڵپەڕی هەواڵ.

بینینی هەموو بابەتەکان ←

بۆچوونێک بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. بەشە پێویستەکان بە * دیاری کراون.